سەرەتا
ئەنجامدانی چالاکی جەستەیی لە شوێنی کارکردن (بە ئینگلیزی: Doing physical activity in the workplace، بە عەرەبی: ممارسة نشاطات رياضية في مكان العمل)، زیادبوونی کێش و کەمی جووڵە لە ژیاندا ڕەنگە ببێتە هۆی کێشە و نەخۆشی وەکوو شەکرە، نەخۆشییەکانی دڵ، سستبوونی دڵ، جەڵتەی مێشک، جۆرەکانی شێرپەنجە و تەنانەت نەخۆشی دەروونی.
کاتێک شێوازی ژیان بێ جووڵە ناچالاک دەبێت، زۆرێک لە کەسەکان لە یانە وەرزشییەکان ناوی خۆیان تۆمار دەکەن، بۆئەوەی شێوازی ژیانیان بگۆڕن و هەفتەی دوو جار چالاکی قورس ئەنجام بدەن، بەڵام لە ڕۆژەکانی تری هەفتەدا دەگەڕێنەوە بۆ سەر ڕۆتینی پێشوویان، هیچ جووڵە و چالاکییەک ئەنجام نادەن. لەکاتێکدا بەچالاکی سووک و ڕۆژانە دەتوانیت کێشێکی گونجاو و جەستەیەکی تەندروستت هەبێت. 
چۆنیەتی ئەنجامدانی چالاکی جەستەیی لە شوێنی کار
- ڕاهێنانی کورت و سووک ئەنجام بدە: بۆ دەستپێکردنی چالاکی جەستەیی لە شوێنی کار، بیر لە پێنج بۆ دە خولەک کات بکەرەوە، دوای یەک کاتژمێر بێ جووڵەیی و ناچالاکی، لە پشت مێزەکەت هەستە و هەندێک جووڵە و جۆکێشانەوەی سادە ئەنجام بدە، پیاسەیەکی کورت بە ئۆفیسەکەدا بکە، بە ئەنجامدانی چەند جووڵەیەکی سادە دەتوانیت کالۆری بسووتێنیت و ڕووبەڕووی کاریگەرییە نەرێنییەکانی ناچالاکی ببیتەوە وەکوو ئازار، ڕەقبوون و ناهاوسەنگی ماسولکەکان. بەپێی توێژینەوەکان سێ خولەک چالاکی سادە دوای ٣٠ خولەک دانیشتن و بێ جووڵەیی، سووڕی خوێن زیاد دەکات، شەکری خوێن جێگیرتر دەکات، ڕێژەی کۆلیستڕۆڵ دادەبەزێنێت و ڕێژەی گلوکۆز ڕێک دەخات.
 - سوود لە دەرفەتە جیاوازەکان وەربگرە بۆ چالاکی جەستەیی: بەدوای دەرفەتی گونجاودا بگەڕێ، بۆ نموونە بۆ قسەکردن بە مۆبایل لە شوێنی کارەکەت، لەسەر کورسییەکەت هەستە و لە ژوورەکەدا هاتووچۆ بکە.
 - کاتی نانخواردنی نیوەڕۆت بەکاربهێنە بۆ ئەنجامدانی چالاکی جەستەیی: ئەگەر کاتێکی باشت هەیە بۆ نانخواردنی نیوەڕۆ، بڕۆ دەرەوە و پیاسەیەک بکە، پیادەڕەوی دوای نانخواردن شەکری خوێن ڕێکدەخات و بۆ چالاکی جەستەیی لە شوێنی کار زۆر باشە. پیادەڕەوی دوای نانی نیوەڕۆ بکە بە خوویەکی ڕۆژانە.
 - کۆبوونەوەی پیادەڕەوی ئەنجامبدەن: لەگەڵ هاوکارەکانت کۆبوونەوەی پیادەڕەوی ئەنجام بدەن، کۆبوونەوە هاوکات لەگەڵ پیادەڕەوی و چالاکی جەستەیی هەڵبژاردەیەکی گونجاوە، بە تیرێک دوو نیشانە دەپێکن.
 - سوود لە پلیکانەکان وەربگرە: بەرزکەرەوە لەبیربکە و تاکوو دەتوانیت پلیکانە بەکاربهێنە، سەرکەوتن بەسەر پلیکانەدا سێ ئەوەندەی وەستان یان ڕۆیشتن کالۆری دەسووتێنێت.
 - کاتێک بۆ پیادەڕەوی ڕۆژانە تەرخان بکە: بەدوای ڕێگەی داهێنەرانەدا بگەڕێ بۆ ئەوەی بەدرێژایی ڕۆژەکە پیادەڕەوی زیاتر بکەیت، وەکوو:
 
- دوور بە لە یاداشتی ڕۆژانە، پەیام یان ئیمەیڵ ناردن بۆ هاوکارەکانت، بۆ قسەکردن لەگەڵ هاوکارەکانت خۆت بڕۆ و پیادەڕەوییەکی کورت ئەنجام بدە.
 - بتڵێک ئاوی بچووک لەگەڵ خۆت هەڵبگرە و بۆ پڕکردنەوەی هاتووچۆ بکە.
 - ئۆتۆمبێلەکەت کەمێک دوورتر ڕابگرە لە شوێنی کارەکەت و هەلی پیادەڕەوی دروست بکە.
 - بۆ وەرگرتنی نانی نیوەڕۆ داوای یارمەتی لە هاوکارەکانت مەکە، خۆت بڕۆ بۆ وەرگرتنی.
 
پلاندانان بۆ ئەنجامدانی چالاکی جەستەیی لە شوێنی کار
- بۆ ئەنجامدانی چالاکی جەستەیی لەکاتی پشوو و نانخواردن پلان دابنێ و کاری پێبکە.
 - پێڵاوێک لە پێ بکە ئاسوودەبیت پێوەی لە شوێنی کارەکەت ئەمەش زیاتر وادەکات زیاتر ئارەزووی ئەنجامدانی چالاکیت هەبێت.
 - بیستۆک بەکاربهێنە بۆ پەیوەندی تەلەفۆنی، ئەگەر بیستۆک بەکاربهێنیت پیادەڕەویکردن لەکاتی تەلەفۆنکردنەکە ئاسانتر دەبێت.
 - پەیداکردنی هاوڕێ و هاوەڵ، هەبوونی هاوکار و هاوڕێیەکی وەرزشی پاڵنەر و بەرپرسیارێتیت تێدا دروست دەکات، لەگەڵ ئەوو کەسانە بە کە ئارەزووی ئەنجامدانی چالاکی جەستەیی و وەرزشی سووک دەکەن، تاکوو لەگەڵت بن.
 
سەرچاوەکان
 552 بینین