سەرەتا
پڕۆجیسترۆن (بە ئینگلیزی: Progesterone) یەکێکە لە هۆڕمۆنەکانی جەستەی خانمان، پڕۆجیسترۆن لە سوڕی هێلکەداناندا لە تەنی زەردەوە دەردەدرێت و وەستانی دەبێتە هۆی کەوتنە سەر خوێن، پشکنینی پڕۆجیسترۆن لە خانماندا بۆ زانینی ڕێژەی پڕۆجیسترۆنە لە جەستەی خانمەکەدا و زانینی کاتی هێلکەدانانە، پشکنین بۆ ئەم هۆڕمۆنە بۆ مەبەستی جیاواز بەکاردێت، ئەم هۆڕمۆنە لە نیوەی دووەمی سوڕی مانگانەدا زیاتر بەرهەم دێت و بە درێژایی سوڕێکی مانگانە یەکسان نییە.
پشکنینی پڕۆجیسترۆن بۆچی دەکرێت؟
- دواکەوتنی دووگیانی.
 - بەدواداچوون بۆ ئەوەی کە ئایا هێلکەدانان ڕوویداوە یاخود نا.
 - بەدواداچوون بۆ مەترسی لەبارچوون لەماوەی دووگیانیدا.
 - دەستکەوتنی زانیاری لەسەر دووگیانییەکی مەترسیدار.
 - بۆ دیاریکردنی دووگیانی لە دەرەوەی منداڵدان.
 
ئامادەکاری پێش وەختە بۆ پشکنینەکە
- پێش ئەوەی پشکنینی پڕۆجیسترۆن بکەیت ئەگەر هەر دەرمانێک بەکاردەهێنیت دەبێت بە پزیشک بڵێیت و ئاگاداری بکەیتەوە، چونکە کۆمەڵێک دەرمان وەک ڕوونکەرەوەکانی خوێن و تەواوکەرە ماددە خۆراکییەکانی پڕۆجیسترۆن و دەرمانی دژەدووگیانی هەموو ئەمانە کاریگەری دەخەنە سەر ئەنجامی پشکنینەکە.
 - پزیشک نموونەی خوێنت لێ وەردەگرێت و دەینێریت بۆ پشکنین.
 - ڕێژەی پڕۆجیسترۆن دەکرێت تەنانەت لە یەک ڕۆژیشدا گۆڕانکاری زۆری تێدا ڕووبدات کە دەبێتە هۆی دەستکەوتنی ئەنجامی نائاسایی لە پشکنینەکەدا.
 
ڕێژەی ئاسایی ئەنجامی پشکنینی پڕۆجیسترۆن
- ئەو خانمانەی کە کەوتوونەتە تەمەنی نائومێدی و یاخود لە سەرەتای دەستپێکی سوڕی مانگانەدان ڕێژە ئاساییەکەی ١ نانۆگرام لەسەر میلیلیترە.
 - ژنان لە لە ناوەڕاستی سوڕی مانگانەدا ڕێژەی پڕۆجیسترۆنیان دەبێت ٥ بۆ ٢٠ نانۆگرام لەسەر میلیلیتر بێت.
 - بۆ ژنانی دووگیان لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا ڕێژەکەی ١١.٢ تاکوو ٩٠ نانۆگرام لەسەر میلیلیتر بێت.
 - بۆ ژنانی دووگیان لە سێ مانگی دووەمی دووگیانیدا ڕێژەکەی دەبێت ٦/٢٥ بۆ ٤/٨٩ نانۆگرام لەسەر میلیلیتر بێت.
 - بۆ ژنانی دووگیان لە سێ مانگی سێیەمی دووگیانیدا ڕێژەکەی دەبێت ٤٢.٥ بۆ ٤٨.٤ نانۆگرام لەسەر میلیلیتر بێت.
 
ئەنجام
- لێکدانەوە بۆ ئەنجامی پشکنینی پڕۆجیسترۆن بەپێی، جیناتی نەخۆشەکە، تەمەنی، ئەوەی کە دووگیان بێت یاخود نا و لە سوڕی مانگانەدا بێت یاخود لە سوڕی مانگانەدا نەبێت، چونکە لە سەرەتای سوڕی مانگانەدا ڕێژەی هۆڕمۆنی پڕۆجیسترۆن دادەبەزێت و چەند ڕۆژێک دوای هێلکەدانان ڕێژەی هۆڕمۆنەکە زیاد دەکات و دواتر دووبارە کەم دەکاتەوە مەگەر ئەوەی کە خانمەکە دووگیان ببێت، هەروەها ئەگەر دووگیان بیت بە دووانەوە یاخود زیاتر ڕێژەی پڕۆجیسترۆن زیاتر دەکات، ڕێژەی ئەم هۆڕمۆنە بە نانۆگرام لەسەر میلیلیتر دەپێورێت.
 - ڕێژەی پڕۆجیسترۆن بە شێوەیەکی ڕێکوپێک گۆڕانکاری بەسەردا نایەت، ئەگەر ئەنجامی پشکنینەکە ئەوە پیشان بدات کە پڕۆجیسترۆن بە شێوەیەکی ڕێکوپێک لە مانگێکدا زیاد یاخود کەم ناکات واتە هێلکەدانان ڕووینەداوە و یاخود ناڕێکییەک ڕوویداوە و ئەمەش ئەگەری دووگیانی قورستر دەکات.
 
ڕێژەی کەمی پڕۆجیسترۆن پەیوەندی بەوەوە هەیە کە پشکنینەکە لە چ کاتێکی سوڕەکەدا کراوە، ئەگەر پشکنینەکە ئەوە دەربخات کە ڕێژەی هۆڕمۆنەکە لە ئاستی ئاسایی خۆی کەمترە ئەوا هۆکارەکەی ئەمانەی خوارەوەیه:
- هێلکەدانەکان کار ناکەن یاخود لەناوچوون.
 - دووگیانی نائاسایی.
 - بوونی کێشە لە هێلکەداناندا.
 - نەبوونی سوڕی مانگانە.
 - دووگیانی لە دەرەوەی منداڵدان.
 - لەبارچوون.
 - مردنی کۆرپەلە.
 
ئەگەر پشکنینەکان ئەوە دەربخەن کە پڕۆجیسترۆن لە ئاستی ئاسایی بەرزتر بێت ئەوا هۆکارەکەی ئەمانەی لای خوارەوەیە:
- دووگیانی بە منداڵێکەوە یاخود دوو منداڵەوە.
 - کیسی هێلکەدان.
 - دووگیانی هێشوویی.
 - کاریگەری خراپی هەیە لەسەر ڕژێنەکانی سەر گورچیلەکان.
 - شێرپەنجەی هێلکەدان.
 
سەرچاوەکان
 811 بینین