سەرەتا
سووتانی پلە سێ بە سووتانێکی توند و مەترسیدار ناسراوە، پێست پێکهاتووە لە سێ چین، لە سووتانی پلە سێدا هەر سێ چینەکەی پێست دەسوتێن و زیانیش دەگات بە ماسولکە و ئێسکەکانیش، هەروەها سووتانی پلە سێ خراپترین و مەترسیدارترین جۆری سووتانە، لە سووتانی پلە سێدا نەخۆشەکە هیچ ئازارێکی نییە چونکە هەستە دەمارەکانی دەسوتێت و نامێنێت.
هۆکارەکانی سووتانی پلە سێ
- ڕۆنی داخ.
 - گریس.
 - ماددەی کیمیایی وەک بەنزین و چیمەنتۆ و ماددە پاککەرەوەکان.
 - کارەبا.
 - شلەمەنی زۆر گەرم.
 - ئاگر.
 
نیشانەکانی سووتانی پلە سێ
- دەکرێت ڕەنگی پێستەکە بگۆڕرێت بۆ، سپی، ڕەش، قاوەیی، چەرمی.
 - پێستەکە وشک دەبێتەوە.
 - هەڵئاوسان.
 - نەبوونی ئازار.
 
پزیشک لەسەر بنەمای ئەم چەند خاڵە چارەسەر دادەنێت بۆ نەخۆشەکە
- تەمەنی نەخۆشەکە.
 - بوونی هەر نەخۆشییەکی دیکە.
 - پێشینەی خێزان.
 - بڕی سووتانەکە.
 - شوێنی سووتانەکە.
 - هۆکاری سووتانەکە.
 - بەرگەگرتنی نەخۆشەکە بۆ چارەسەرەکان.
 
چارەسەری سووتانی پلە سێ
- پاککردنەوە و لابردنی پێستە مردوو و سووتاوەکان کە ئەم ڕێگایە دەکرێت نەخۆشەکە بخەنە ناو ئاو و دەرمان و پێستە مردووەکەی هەمووی لێبکەنەوە و یاخود دەکرێت بە نەشتەرگەری ئەنجام بدرێت.
 - دانانی موغەزی بۆ نەخۆشەکە لە ڕێگەی کانۆلاوە.
 - ئەگەر هات و نەخۆشەکە تووشی هەوکردن بووبێت ئەوا دەرمانی دژەبەکتریاشی بۆ دادەنرێت بە شێوەی دەرزی و لەگەڵ موغەزیەکاندا پێی دەدرێت.
 - پاد و کرێمی دژەهەوکردن بۆ سەر برینی سووتاویەکە.
 - خۆراکی تەندروست و پڕ شلەمەنی.
 - پێدانی ڤاکسینی گەزاز.
 - نەشتەرگەری چاندنی پێست.
 
چارەسەری سروشتی
دوای چاکبوونەوەی نەخۆش لە سووتاوی ئەگەری زۆرە کە پێویستی بە چارەسەرکارێکی سرووشتی هەبێت، چونکە بە هۆی ئەوەی سووتانی پلە سێ زۆر قووڵە ئێسک و ماسولکەکان زیانیان پێ دەگات و کەسەکە ناتوانێت وەک پێشتر جەستەی بە باشی بجوڵێنێت، بۆیە پێویستە کە چارەسەری سرووشتی بۆ بکرێت و ڕێنمایی و وەرزشی تایبەتی بۆ دابنرێت تاکوو ئێسک و ماسولکەکانی بگەڕێنەوە باری ئاسایی.
چاودێری کردنی سووتانی پلە سێ
- پێویستە هەموو ڕۆژێک تەداوی شوێنی سووتاویەکە بکەیت، دەستت جوان بە ئاو و سابوون بشۆ و لەفافە کۆنەکە لێبکەرەوە، پێش لێکردنەوەی لەفافەکان بە ئاو تەڕ بکە و بیخوسێنە تاکوو برینەکە لێنەبێتەوە بە وشکی کاتێک لەفافەکە لێدەکەیتەوە.
 - شوێنی سووتانەکە بە جوانی تەداوی بکە و بە ئاو و سابوون تەداوی بکە و پاکی بکەرەوە و دواتر بە هێواشی وشکی بکەرەوە، بە باشی سەرنجی سووتانەکە بدە تاکوو دڵنیابیت لە بوونی هەر گۆڕانکارییەک وەک ئاوسان و سووربوونەوەی زۆر و هەرگیز برینەکە هەڵمەکەنە چونکە لەوانەیە تووشی خوێنبەربوون ببێت و پیس ببێت و تووشی هەوکردن ببێت.
 - ئەو کرێمەی کە پزیشک بۆی داناویت بیدە لە شوێنی سووتاویەکە و لەفافی نوێی لێبدە.
 - بە توندی لەفافەکە مەبەستە چونکە دەبێتە هۆی هەڵئاوسان و خوێنبەربوونی برینەکە.
 - شوێنی سووتانەکە بەرزتر لە ئاستی دڵ ڕابگرە ئەمە یارمەتیدەرە تاکوو هەڵئاوسانەکەی کەم ببێتەوە.
 
چ کاتێک دەبێت سەردانی پزیشک بکەیت؟
- بوونی دڵەکوتە و هەناسەتوندی.
 - میز نەکردن.
 - هەبوونی تا.
 - سووربوونەوە و ئاوسان کە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بکات.
 - دەردراوی بۆن ناخۆش کە لە شوێنی سووتاویەکەوە بێتە دەرەوە.
 - دەم یان چاوت وشک ببێتەوە.
 - زیاد لە پێویست تینوو و ماندووبیت.
 - میزی تۆخ.
 - سەرئێشە و سەرگێژخواردن.
 
سەرچاوەکان
 796 بینین