سەرەتا
سووتانی پلە دوو سووتانێکە کە توندترە لە سووتانی پلە یەک، لە سووتانی پلە دوودا چینی سەرەوەی پێست بە تەواوی دەسووتێت و بەشێک لە چینی ژێرپێستیش دەسووتێت و کاریگەری دەبێت لەسەری، سووتانی پلە دوو مەترسیدارە و چەند هەفتەیەکی پێ دەچێت تاکوو چاک ببێتەوە و دەکرێت لێکەوتی خراپی لێ ببێتەوە و زۆر جار تووشی هەوکردن ببێت، دەکرێت سووتانی پلە دوو ئاسایی بێت کاتێک قەبارەی شوێنەکەی کەم و شوێنەکە هەستیار نەبێت، بەڵام لە هەمان کاتدا دەکرێت زۆر هەستیاریش بێت کاتێک قەبارەی زۆر و شوێنی سووتانەکە هەستیار بێت.
نیشانەکانی سووتانی پلە دوو
- ئازارێکی کەم یان مامناوەندی هەیە لەگەڵ سووربوونەوەیەکی زۆردا.
 - بڵق و هەڵئاوسانی هەیە.
 - شوێنەکە تەڕە و دەدرداوی سپی یاخود زەردی لێوە دێتە دەرەوە.
 - پێستەکە بەرەو قاوەیی دەڕوات.
 - هەبوونی تا کە نیشانەیەکە بۆ هەوکردن.
 - سووربوونەوەی زۆر.
 - پێستەکە هەستیارە بە دەست لێدان.
 - گۆڕانی ڕەنگی پێستەکە لە یەک جێگادا دەکرێت پێستەکە چەند ڕەنگێک بێت.
 
هۆکارەکانی سووتانی پلە دوو
- سووتان بە تیشکی خۆر، کاتێک کەسێک پێستێکی زۆر ناسک و هەستیاری هەیە و بۆ ماوەیەکی زۆر لەبەردەم تیشکی خۆردا دەمێنێتەوە پێستەکەی زۆر دەسوتێت و دەکرێت سووتانەکەی پلە دوو بێت.
 - سووتان بە شلەی گەرم، سووتان بە ئاوی گەرم و شلەی گەرم بە هەمان شێوە دەکرێت ببنە هۆی سووتانی پلە دوو
 - کەوتنە ناو ئاگر و یاخود سووتان بە ئاگر،
 
چارەسەری سووتانی پلە دوو لە ماڵەوە
ئەگەر شوێنی سووتانەکە زۆر کەم بێت و شوێنێکی هەستیار نەبێت دەکرێت لە ماڵەوە چارەسەری بۆ بکەیت بەم ڕێگایانە:
- شوێنی سووتاویەکە بخەرە بەر ئاو بۆ ماوەی ١٥ خولەک یان زیاتر.
 - بەکارهێنانی حەپی ئازارشکێن ئەگەر پێویستی کرد.
 - بەکارهێنانی کرێمی دژە هەوکردن لە کاتی هەوکردنیدا.
 
سووتانی ئەم بەشانەی لەش پێوستی بە چارەسەری پزیشکە
- ڕووخسار.
 - دەستەکان.
 - سمت.
 - ڕان.
 - قاچ.
 
سووتانی پلە یەک کەی مەترسیدارە؟
- بەشێکی زۆری جەستە سووتابێت واتە قەبارەکەی زۆر بێت.
 - یەکێک بێت لەو شوێنانەی جەستە کە ئاماژەی پێدرا.
 - کۆئەندامی زاوزێ بێت.
 - کەسێک کە خۆی نەخۆش بێت و کۆئەندامی بەرگری جەستەی لاواز بێت، وەک ئەو نەخۆشانەی شێرپەنجە کە دەرمانی کیمیایی بەکاردەهێنن.
 - هەندێک لە برینەکان کرابنەوە و تەڕبن.
 
دیاریکردنی سووتانی پلە دوو
کاتێک پزیشک دەیەوێت سووتانی پلە دوو چارەسەر بکات، پزیشکەکە بە چەند هۆکارێک سووتانەکە دیاری دەکات و ئینجا بڕیار دەدات لەسەر جۆری چارەسەرەکەی کە ئەمانەن:
- تەمەنەکەی، تەندروستی، پێشینەی نەخۆشی.
 - قەبارەی سووتاوییەکەی.
 - شوێنی سووتانەکەی.
 - هۆکاری سووتانەکەی.
 - بەرگەگرتنی بۆ دەرمانێکی تایبەت.
 
چارەسەری سووتانی پلە دوو لەلایەن پزیشکەوە
سووتانی پلە دوو زۆر جار ناگاتە ئەوەشی کە ٪١٠ـی جەستە بگرێتەوە بۆیە چارەسەریشی لای پزیشک ئاساییە ئەویش بە:
- پێدانی دەرمانی دژەبەکتریا لە کاتی بوونی هەوکردندا.
 - پاککردنەوە و شۆردنی سووتانەکە و بەکارهێنانی کرێمی تایبەت و بەستنی بە لەفافێک.
 - زۆرجار سووتانەکە لە شوێنی هەستیاردایە و قەبارەی زۆرە بۆیە ئەگەری زۆرە پزیشک بڕیار بدات کە نەشتەرگەری بۆ بکات پێستی شوێنێکی دیکە بهێنێت و لەو شوێنەدا دایبنێت کە پێستەکەی زۆر تێکچووە.
 
چاودێریکردنی سووتانی پلە دوو
- هەر جۆرە جل و خشڵێک جیابکەرەوە لە شوێنی سووتانەکە.
 - بە تایبەت لە کاتی سووتانەکەدا یەکەم کار کە بیکەیت ئەو خشڵەی لەو شوێنەدا هەیە لایببە چونکه گەرم دەبن و زیاتر یارمەتی سووتانەکە دەدەن.
 - ئاو بکە بە شوێنی سووتانەکەدا و هەرگیز سەهۆڵ مەخەرە سەری.
 - بەردەوام ڕۆژانە بڕێکی زۆر ئاو و شلەمەنی بخۆرەوە.
 - شوێنی سووتانەکە بە لەفاف بپێچەوە و ڕۆژانە تەداوی بکە و پاکی بکەرەوە.
 - قەتماغەی برینی سووتانەکە هەڵمەکەنە و دەستی لێ مەدە.