نەخۆشی گەنم چییە؟
نەخۆشی گەنم کێشەیەکە لە هەرسکردنی ماددەی گڵوتین کە پرۆتینێکە لە خواردندا و بەتایبەت لەوانەی کە گەنم لە پێکهاتەکەیاندا هەیە وەکو نان و هەندێ جۆری پسکیت و مەعکەرۆنی، کاتێک کەسێکی تووشبوو بە نەخۆشی گەنم شتێک دەخوات کە ماددەی گڵوتینی تێدابێت ئەوا لەشی کاردانەوەیەکی زۆری بۆ پرۆتینەکە دەبێت و مەمیلەکانی لەکاردەخات، مەمیلەیش پێکهاتەیەکی دەرپەڕیوی بچووکی شێوە پەنجەییە و لە دیواری ڕیخۆڵەباریکەدا بوونیان هەیە، کاتێک مەمیلەکان تێکدەچن ڕیخۆڵەباریکە ناتوانێت بەتەواوی ماددەی پێویست بمژێتەوە بەمەش بەدخۆراکی و کەمی چڕی ئێسک و لەبارچوون و نەزۆکی و تەنانەت نەخۆشی دەماری و شێرپەنجەش ڕەنگە بەدوای خۆیدا بێنێت.
نیشانەکانی نەخۆشی گەنم
- سەرئێشە.
 - کەمخوێنی.
 - با کردن.
 - ئازاری ئێسک و جومگە.
 - قەبزی.
 - سکچوون.
 - دڵەکزێ.
 - دەرکەوتنی پەڵەی پێست کە جێیەکەی دەخورێت بەتایبەت لە ناوچەی قۆڵ و سەر و پشتدا.
 - سەرئێشە و ماندوێتی.
 - برینی ناودەم.
 - دڵتێکچوون.
 - تێکچوونی کۆئەندامی دەمار بە سڕبوون و مێروولەکردنی دەست و قاچ و تێکچوونی هاوسەنگی لەش و گۆڕانی ئاگایی.
 - کەمبوونەوەی کێش.
 - لە تەمەنی منداڵانیش دا ڕەنگە نیشانەی تایبەت دەربکەوێت وەکو تێکچوونی مینای ددان و دواکەوتنی گەشە و کێشە لە فێربوون و درککردن.
 
مەرج نیە ئەم نیشانانە بەیەکەوە دەربکەون و لەوانەیە نەخۆشەکە هەستی پێنەکات و بەمەش ناسینەوەی نەخۆشیەکە زەحمەت دەکات.
هۆکارەکانی توشبوون بە نەخۆشی گەنم
توێژینەوەکان هۆکاری تەواوەتی تووشبوون بەم نەخۆشیەیان نەدۆزیوەتەوە و هەندێک لەوان پەیوەستی دەکەن بە جین و هۆکاری بۆماوەییەوە وە لەوانەشە نەخۆشی دیکەی وەکو خۆییە بەرگرییە نەخۆشیەکانی (ڕۆماتیزم و نەخۆشی شەکرەی جۆری یەکەم و هتد) پەیوەندیان هەبێت بە نەخۆشی گەنمەوە.
لێکەوتەکانی نەخۆشی گەنم
- شێرپەنجەی ڕیخۆڵەباریکە.
- تێکچوونی مینای ددان.
- بەدخۆراکی.
- نەخۆشیەکانی پەنکریاس.
- لاوازبوونی ئێسک.
ئەوەی وەکو چارەسەری نەخۆشیەکە دانراوە دەرمان نییە بەڵکو گۆڕینی سیستمی خۆراکە بەشێوەیەک خاڵی بێت لە گەنم بۆ نموونە ماسی و پاقلەمەنییەکان و گوێز.