نوستن
وەرگرتنی بڕی پێویستی نوستن بە هۆکارێکی سەرەکی دادەنرێت بۆ پارێزگاری لە تەندروستی جەستەیی و ئەقڵی، چونکە نوستن یەکێکە لە پێویستییە سەرەکییەکانی مرۆڤ وەکو خواردن و هەناسەدان، مرۆڤی پێگەیشتوو پێویستی بە نوستنی ٧-٩ کاتژمێرە ڕۆژانە، نوستنی باش چەندین سوودی هەیە، کە جوڵۆکییەکی زیاتر دەبەخشێت و وزەی زیاتر بەدەست دێت، هەروەها یارمەتیدەرە بۆ پێکەوەیی بیرکردنەوەکان و جوڵەکان بە شێوەیەکی باش، هەروەها تەرکیز و توانای بەرهەمهێنانی کەسەکە لە ڕۆژەکەدا زیاد دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکی ئێستا بە بڕی پێویست ناخەون بەبۆنەی سەرقاڵی و پیشە وەکو خویندن و کارکردن یان شەوبێداری بۆ خۆشی، بەڵام نەنوستن بە بڕی پێویست چەندەها زیانی نزیک و دوورمەودای هەیە.
زیانەکانی شەوبێداریی
نەنوستن تا درەنگانی شەو دەبێتە هۆی دەستنەکەوتنی بڕی پێویستی خەو، کە کاریگەری دەکات لەسەر باری دەروونی مرۆڤ و توانای فێربوونی و بیرکەوتنەوەی زانیارییەکان، هەروەها بە ڕۆتین کردنی درەنگ نوستن دەبێتە هۆی زیادبوونی ئەگەری توشبوون بە چەندین نەخۆشی مەترسیدار، لە گرنگترین زیانەکانیش:
- بیتاقەتی و خەمۆکی: بە تێپەڕبوونی کات کەمخەوی دەکرێت ببێتە هۆی خەمۆکی، توێژینەوەکان هەریەکە لە کێشەکانی نوستن و خەمۆکی بە باشی پێکەوە پەیوەست دەکەن.
 - پیربوونی پێست: لە زیانەکانی درەنگ نوستن بریتییە لەوەی کە دەبێتە هۆی دەرکەوتنی پێست بە ڕەنگێکی تاریک و ئاوسانی چاو، هەروەها زیانەکانی کەمخەوی دەکردەکەوێت لەسەر پێست بە تێپەڕبوونی کات بەهۆی هۆڕمۆنی کۆرتیزۆڵەوە کە کاردەکات بۆ تیکشکاندنی کۆلاجین لە پێستدا بەشێوەیەکی بەرچاو، پێست لاواز دەبیت و هێڵەکان دەست دەکەن بە دەرکەوتن، هەروەها خەرمانەی ڕەش لە دەوری چاو دەرەکەون.
 - لەبیرچوونەوە: یادگارییەکان و زانیارییەکان لە یادگەی دوورمەودادا هەڵدەگیرێت لەکاتی نوستندا، بۆیە کەمخەوی کاریگەری هەیە لەسەر یادگە.
 - ڕووداوەکان: کەمخەوی ئەگەری توشبوون بە ڕووداوی کارەسات ئامێز و پێکان زیاد دەکات، هەروەها خەواڵوویی دەبێتە هۆی زیادکردنی کاتی پێویست بۆ پەرچەکردار لەکاتی شۆفێریدا، کە ئەویش هۆکارە بۆ ڕوودانی ڕووداوی هاتوچۆ.
 - دابەزینی توانای فێربوون: نوستن ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە ڕێکخستنی کرداری بیرکردنەوە و فێربوون، درەنگ نوستنیش دەبیتە هۆی لاوازی تەرکیز و بەئاگابوون و بیرکردنەوە و چارەسەرکردنی کێشەکان، کە وادەکات کرداری فێربوون زۆر قورستر بێت.
 - کێشەی تەندروستی مەترسیدار: شەوبێداریی بۆ ماوەیەکی زۆر دەبێتە هۆی پەیدابوونی نەخۆشی وەکو نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان، بەرزە پەستانی خوێن و شەکرە، هەروەها ئەگەری توشبوون بە جەڵتەی مێشک زیاد دەکات.
 - کەمبوونەوەی ئارەزووی سێکسی: کەمخەوی دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئارەزووی سێکسی بە هۆکاری خەواڵوویی و شڵەژان و بێتاقەتی، هەروەها کاریگەری هەیە لەسەر ئاستی هۆرمۆنەکانیش.
 
ڕیکخستنی نوستن
بۆ دوورکەوتنەوە لە زیانەکانی کەمخەوی و درەنگ نوستن، پێویستە بڕی پێویستی خەو بەدەست بهێنیت، ژمارەکەش لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە بەپێی تەمەن و بۆماوە ماددەکەی، بەڵام زۆربەی مرۆڤەکان ٧-٩ کاتژمێر نوستنیان بەسە لە ڕۆژێکدا، هەندێک ئامۆژگاری بۆ دەستخستنی بڕی پێویستی خەو:
- پێدانی کات بە جەستە بۆ پشوودان پێش نوستن، ئەویش لەڕێگەی کوژاندنەوەی ڕووناکییەکان و ئەنجامدانی ڕۆتینی پێش نوستن وەکو شۆردنی ددانەکان و لەبەکردنی جلوبەرگی نوستن.
 - کوژاندنەوەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان، چونکە دەرپەڕینی ئەو شەپۆلە کورتانەی ڕووناکی شینی دەستکرد کە ئەم ئامێرانە دروستیان دەکەن تێکدەگیرێت لەگەڵ هۆڕمۆنی میلاتۆنین کە هاندەرە بۆ نوستن.
 - دوورکەوتنەوە لەو خواردنەوانەی کە کافایینیان تێدایە پێش نوستن بە ٤-٦ کاتژمێر.
 - پەیڕەوکردنی ڕۆتینێکی ڕۆژانەی دیاریکراو بۆ رێکخستنی کاتژمێرەکانی نوستن.
 - دەرچوون لە جێگەی نوستنەکە لەکاتی بەخەبەر هاتن بۆ گەیشتن بە ڕۆتینێکی باشتر.