ناساندن
پشکنینی فۆسفۆڕ( بە ئینگلیزی: Phosphorus Test، بە عەرەبی: فحص الفوسفور) بریتیە لە پێوانەکردنی ڕێژەی توخمی فۆسفۆڕ لە خوێندا. فۆسفۆڕ کانزایەکی گرنگە و بەشداری دەکات لە چەندین پێکهاتە و فرمانی لەشدا، وەک بەرهەمهێنان و پاشەکەوت کردنی وزە لە شێوەی ئەدینۆسینی سێ فۆسفات ATP، بەهێزی ددان و بەهێزی و تەندروستی ئێسکەکان لەگەڵ کالسیۆمدا Calciumphosphate پێکدێنن و ڕاگرتنی هاوسەنگی ترشێتی و تفتێتی لە لەشدا و چەندین فرمانی دیکە. توخمی فۆسفۆڕ دەگۆڕێت بۆ فۆسفەیت و پاشان بەژداری لە زیندەچالاکییەکاندا دەکات. فۆسفۆڕ لە پیشەسازی خۆراکدا بەکاردێت بۆ پاراستنی پێکهاتە و ڕەنگ و بۆنی خۆراکەکان.
بەگشتی ڕێژەی فۆسفۆڕ لە منداڵدا بەرزترە بەهۆی گەشەی ئێسکەکانیانەوە. زۆر کات شیکاریەکانی فۆسفۆر لەگەڵ پشکنینەکانی تری وەک کالسیۆم و هۆڕمۆنی پاراثایرۆید (PTH)، و/یان ڤیتامین D داوا دەکرێن، بۆ یارمەتیدان لە دەستنیشانکردن و چاودێریکردنی چارەسەری نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان کە دەبنە هۆی ناهاوسەنگی کالسیۆم و فۆسفۆر. لە کاتێکدا تاقیکردنەوەی فۆسفۆر بەزۆری لەسەر نموونەی خوێن ئەنجام دەدرێت، هەندێک جار لە نموونەی میزدا پێوانە دەکرێت بۆ چاودێریکردنی کردنەدەرەوەی لەلایەن گورچیلەکان.
ڕێژەی ئاسایی
- پێگەیشتوو: 2.8 بۆ 4.5 mg/dL
 - منداڵ: 4.0 بۆ 7.0 mg/dL
 
ڕێژەی ئاسایی لەوانەیە کەمێک جیاواز بێت لە نێوان تاقیگە جیاوازەکان. هەندێک لە تاقیگەکان پێوانەی جیاواز یان نموونەی جیاواز بەکاردەهێنن.
فرمانەکانی فۆسفۆڕ
- بەهێزکردنی ئێسک و ددان
 - یارمەتی بەرهەمهێنان و بەکارهێنان و پاشەکەوت کردنی وزە دەدات
 - یارمەتی جوڵەی ماسولکەکان دەدات
 - کردنە دەرەوەی پاشەڕۆ لە گورچیلەکانەوە
 - یارمەتی گەشەکردن و چاکبوونەوەی شانەکان دەدات
 - دەچیتە پێکهاتەی DNA & RNA
 - ڕاگرتنی هاوسەنگی لە کاری ڤیتامینەکان وەک ڤیتامین بی، ئی و توخمەکانی یۆد، مەگنیسیۆم و زینک.
 - هاوسەنگی لێدانی دڵ ڕادەگرێت
 
کەی پشکنینی فۆسفۆڕ Phosphorus ئەنجام دەدرێت؟
ناڕێکی (کەم و مامناوەند) لە بڕی فۆسفۆڕدا بە گشتی دەکرێت هیچ نیشانەیەکی نەبێت، هەربۆیە لەکاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی کەمی کالسیۆم یان نەخۆشییەکانی گورچیلە، دڵ، شەکرە، شاشبوون و داخورانی ئێسکەکان، ناڕێکی لە کاری ڕژێنی دەرەقی (پاراسایرۆید)، تێکچوونی هاوسەنگی لە لەشدا (ترشێتی و تفتێتی) و وەرگرتنی ئەو دەرمانانەی کە کاریگەری ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆیان لەسەر ڕێژەی کالسیۆم و فۆسفۆڕ هەیە، پێویستە پشکنینی فۆسفۆڕ ئەنجام بدرێت.
زۆری ڕێژەی فۆسفۆڕ (هایپەرفۆسفەتیمیا hyperphosphatemia)
هەرچەندە فۆسفۆڕ توخمێکی گرنگە بۆ لەش، بەڵام بوونی بە ڕێژەیەکی زۆریش لە لەشدا ژەهراوییە و دەبێتە هۆی ژەهراوی بوون، سکچوون، تێکچوونی تەندروستی شانەکان، تەشەنوجی ماسولکە، دڵە کوتێ، شاشبوون و لاوازبوونی ئێسکەکان (Osteoporosis)، کەم بوونی ڕێژەی کالسیۆم وکاریگەری لەسەر ڕێژەی کالسیۆم و توخمەکانی تری وەک ئاسن، مەگنیسیۆم و زینک.
کەمی ڕێژەی فۆسفۆڕ (هایپۆفۆسفەتیمیا hypophosphatemia)
- کەمی ڕێژەی فۆسفۆڕ لە خوێندا دەبێتە هۆی ئازاری ئێسک، جومگەکان،
 - لاوازی ماسولکەکان، لەدەستدانی تەرکیز، بێهێزی، بێتاقەتی، زوو
 - توڕەبوون، ناڕێکی هەناسەدان، لاوازی گەشەکردنی ئێسک لە منداڵدا،
 - زیاد بوونی ڕێژەی کالسیۆم و کەمبوونەوەی توانی هەڵمژین لە ڕیخۆڵەکانەوە،
 - کاریگەری لاوەکیشی دەبێت لەسەر گورچیلەکان.
 
ئەو خواردنانەی دەوڵەمەندن بە فۆسفۆڕ
- بەرهەمە شیرەمەنێکان
 - هێلکە
 - مریشک
 - گوڵەبەڕۆژە
 - Cottage cheese جۆرە پەنیرێکی دەنک سپی خڕە
 - ناوکە کولەکە
 - نیسک
 - گۆشتی سوور
 - ماسی