سەرەتا
نەوت ( بە ئینگلیزی: Petroleum یان Kerosene) سووتەمەنییەکی شلە و لە ناوجەرگەی زەوی دەردەهێنرێت. لە زۆر کۆنەوە مرۆڤ بۆ مەبەستی جیاواز بەکاری هێناوە و سوودی لێ بینیووە، لە هەمان کاتتدا ماددەیەکی زیانبەخشە و دەبێت وریای بەکارهێنانی بیت.
لەبەرئەوەی نەوت وەک ئاو ماددەیەکی شلە قوورسە منداڵان بتوانن جیاوازی بکەن لەنێوان ئاو و نەوتدا بۆیە حاڵەتی خواردنەوەی نەوت لەناو منداڵاندا زۆر باوە و مەترسیداریشە. منداڵان بەهۆی حەزیان بۆ تاقیکردنەوەی شتە تازەکان زۆرجار تووشی خواردنەوەی نەوت دەبنەوە، یاخود لە سەیرانەکاندا بەهۆی ئەوەی نەوت دەکرێتە دەبەی ئاوەوە زۆرینەی منداڵان به ئاو تێدەگەن و دەیخۆنەوە. خواردنەوەی نەوت مەترسیدارە و پێویستی بە چارەسەری خێرایە.
نیشانەکانی خواردنەوەی نەوت
بەم نیشانانەدا دەتوانیت بزانیت منداڵەکەت نەوتی خواردووەتەوە:
- کۆکەی توند
 - هەناسەتووندی
 - دڵتێکچوون و ڕشانەوە
 - لەدەستدانی هۆشیاری و بوورانەوە
 - بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش
 - دەم و دەستی منداڵەکە بۆنی نەوتی لێ دێت
 - ٪٥٠ـی حاڵەتەکانیش ئازاری توندی سکییان لەگەڵدایە
 
فریاگوزاری سەرەتایی
- یەکەمین هەنگاو لابردنی نەوتەکە و دوورخستنەوەی منداڵەکەیە لەو شوێنەی نەوتەکەی تێدا خواردووەتەوە.
 - شۆردنی دەست و دەمی منداڵەکە بە سابوون و لابردنی جلەکانی و لەبەرکردنی جلی نوێ تاکوو بۆنی نەوتەکە زیاتر ئازاری نەدات، هەروەها ئەگەر جەستەی بە نەوت تەڕ بووە، لابردنی جلەکانی هۆکارێکە تاکوو جەستەی نەسوتێت.
 - یاخود دەکرێت دەستی نەوتاوی دابێت لە چاو و لووتیشی بۆیە گرنگە ڕووخساری بەباشی بشۆیت و فێنکی بکەیتەوە.
 - هەرگیز منداڵەکە مەڕشێنەرەوە، نەوتەکە خۆی بە ئەندازەی پێویست دەم و سورێنچک و گەدەی منداڵەکەی سووتاندووە، بە ڕشاندنەوەی ئەوەندەی تر ئەو ناوچانەی دەسووتێتەوە، هەروەها ڕێگری بکە لەوەی منداڵەکە دڵی تێک بچێت و بڕشێتەوە.
 - دوورکەوتنەوە لە پێدانی هەر خواردن و خواردنەوەیەک، بە تایبەت شیر و ئاو.
 - دواتر بە خێرایی بیگەیەنەرە نزیکترین نەخۆشخانەی فریاکەوتن.
 - ئەگەر لە ڕێگەیدا بۆ نەخۆشخانە ڕشایەوە، مەهێڵە ڕشانەوەکە بچێتەوە قوڕگی و بیخواتەوە.
 - ئەگەر نەخۆشخانەکە دوورە و کاتی دەوێت لە ڕێگەیدا بۆ نەخۆشخانە پارچەیەک سەهۆڵ بکە عەلاگەیەکەوە و لەسەر لای چەپی گەدەی دایبنێ تاکوو ببێتە هۆی فێنکبوونەوەی گەدەی و مەترسی دڵتێکچوون و ڕشانەوەی کەم ببێتەوە.
 
چارەسەر لە نەخۆشخانە
لە نەخۆشخانە چارەسەر بەپێی نیشانە و بڕی ئەو نەوتەیە کە خواردوویەتییەوە، لە حاڵەتێکدا ئەگەر نەوتەکە تەنها لە گەدەیدا بێت، پزیشک گەدەی پاک دەکاتەوە و دەرمانی پێ دەدات تاکوو وردە وردە پاش دەبێت.
بەڵام ئەگەر منداڵەکە لە کاتی خواردنەوەی نەوتەکەدا کەمێکی چووبێتەوە ناو سییەکانی، یاخود لە کاتی ڕشاندنەوەی و ڕشانەوەیدا  حاڵەتەکەی قوورستر دەبێت و پێویستی بە چاودێری زیاتره وەک:
- گرتنی تیشکی ئێکس بۆ سییەکانی منداڵەکە تاکوو لە تەندروستی سییەکانی دڵنیابنەوە
 - پێدانی ئۆکسجین لە حاڵەتێکدا تووشی هەناسەتووندی ببێت
 - پێدانی دەرمانی دژەبەکتریا بۆ چارەسەرکردنی هەوکردنی سییەکان
 
ڕێگریکردن
بۆ ڕێگریکردن لەم حاڵەتە زۆر گرنگە خێزانەکان کاتێک دەچنە سەیران و گەشت نەوت لە دەبەی ئاو خواردنەوەدا دانەنێن.
لە ماڵەوە نەوت نزیکی منداڵ دامەنێن، واتە لە جێیەکدا نەبێت منداڵ بە ئاسانی بتوانێت دەستی پێی بگات، چونکە منداڵ بەگشتی و منداڵی زۆر بچووک بەتایبەت نازانێت و هەرچییەکی دەستکەوێت دەیبات بۆ دەمی و دەیخوات، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە منداڵە زۆر بچووکەکان هەستی تام و بۆنیان نییە.