سەرەتا
ئەگزیما (بە عەرەبی: التهاب الجلد التأتبي (الإكزيما)، بە ئینگلیزی: Eczema) ناسراو بە بیرۆ حاڵەتێکی هەستیارییە تووشی پێست دەبێت دووچاری سووربوونەوە و خوراندنی دەکات، ئەگزیما هەوکردنێکی درێژخایەنە و ماوە ماوە سەر هەڵدەداتەوە، هەندێک جاریش تەنگەنەفەسی و تا لەگەڵ ئەگزیماکەدا دەردەکەوێت.
نیشانەکان
نیشانەکانی بیرۆ لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت، بەڵام بەگشتی ئەم نیشانانە دەگرێتەوە:
- وشکبوونەوەی پێست.
 - پێستی بەخوروو کە لە شەودا توندتر دەبێت.
 - پەڵەی سوور یان قاوەیی یان خۆڵەمێشی باو لە دەست و قاچ و مەچەک و پاژنەی پێ و سەر سینگ و پێڵووی چاو و پشت ئانیشک و ئەژنۆکان، هەروەها لە کۆرپەشدا لە ڕوخسار و بێخی سەردا دەردەکەوێت.
 - بڵقی بچووک کە لە کاتی خوراندندا توێخی لێ دەبێتەوە.
 - ئەستووربوون و لێبوونەوەی پێست.
 - هەستیاربوون و هەڵئاوسانی پێست.
 
کەی پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت؟
لەم بارودۆخانەدا پێویستە منداڵ ببرێت بۆ لای پزیشکی پسپۆڕی پێست:
- ئەگەر بەهۆی ئەگزیماکەوە دووچاری نائاسوودەیی بوو هەروەها کاری کردە سەر خەوتن و چالاکییەکانی ڕۆژانەی منداڵەکە.
 - لە کاتی هەوکردنی پێست و دەرکەوتنی هێڵی سوور و کێم و توێخی برین لە شوێنی تووشبوو.
 - لە کاتی درێژەکێشانی نیشانەکان و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جەستەی منداڵەکە.
 
هۆکارەکان
پێستێکی تەندروست پارێزگاری دەکات لە شێداری، هەروەها لە بەکتریا و ئەو ماددانەی دەبنە هۆی هەستیاری و هەوکردن، ئەگزیما کار دەکاتە سەر جینەکان ئەمەش دەبێتە هۆی لەدەستدانی توانای پێستەکە و پاراستنی لە هۆکارە ژینگەییەکان، لە منداڵاندا هەستیاری یەکێکە لە هۆکارەکانی تووشبوون بە ئەگزیما.
هۆکارە مەترسیدارەکان
ئەو کەسانەی لە مێژووی خێزانەکەیاندا تووشبووی ئەگزیما و هەستیاری و تەنگەنەفەسی هەیە مەترسی تووشبوون بە ئەگزیما تێیاندا زیاترە.
لێکەوتەکانی ئەگزیما
لە کاتی ئاڵۆزبوونی ئەگزیما ئەم لێکەوتانە دەردەکەوێت:
- زیاتر لە نیوەی ئەو منداڵانەی تووشی ئەگزیما دەبن تەنگەنەفەسی و تای هەستیارییان تووش دەبێت.
 - خورانی پێست بۆ ماوەیەکی درێژ، لێ بوونەوەی توێخی پێست.
 - هەوکردنی پێست بەهۆی خوراندنی پێستەکەوە دەبێتە هۆی شەقبوونی پێستەکە و ئەمەش مەترسی تووشبوون بە هەوکردنی بەکتریا و ڤایرۆسی زیاتر دەکات.
 - هەوکردنێکی توند لە دەستەکاندا بە تایبەت لەو کەسانەی کە ماددەکانی وەک سابوون و تاید و پاککەرەوە دژە میکرۆبییەکان بەکار دەهێنن.
 - کەمبوونەوەی خەو و بێزاربوون بەهۆی ئاڵۆشی خورانی پێستەکە.
 
ڕێگریکردن و چارەسەرەکان
تا ئێستا هیچ دەرمانێک نەدۆزراوەتەوە ڕاستەوخۆ چارەسەری ئەگزیما بکات، بەڵام بەکارهێنانی هەندێک مەڵهەم و دەرمانی دژە هەوکردن و دژە هەستیاری یارمەتی کەمکردنەوە و تەشەنەسەندنی حاڵەتەکەی داوە، نوێترین توێژینەوەکان هەوڵ دەدەن حاڵەتە توندەکان لە ڕێگەی بەکارهێنانی دژەتەنەکانەوە چارەسەر بکەن، بەڵام ئەمە تەکنیکێکی زۆر گرانبەهایە، خۆپاراستنیش گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ ڕێگریکردن لە حاڵەتەکە و بڵاونەبوونەوەی، پابەندبوون بەم خاڵانەوە تا ڕادەیەکی باش سەرهەڵدانەوەی ئەگزیمای کەمکردووەتەوە:
- شێدارکردنەوەی پێست دووجار لە ڕۆژێکدا، هەڵبژاردنی کرێم و مەڵهەمی گونجاو ڕێگری دەکەن لە وشکبوونەوەی پێست.
 - دوورکەوتنەوە لەو شتانەی حاڵەتەکە خراپتر دەکەن وەک ئارەقکردنەوە، پەستانی دەروونی، قەڵەوی، پاککەرەوەکان، تەپوتۆز، دەنکە هەڵاڵە و ئەو خواردنانەی دەبنە هۆی هەستیاری لە کەسەکەدا.
 - کەمکردنەوەی کاتی گەرماوکردن، بەکارهێنانی ئاوی گەرم لە کاتی گەرماوکردندا.
 - خۆ وشککردنەوە لە دوای گەرماوکردن بە خاولییەکی نەرم و بەکارهێنانی شێدارکەرەوە بۆ هەموو جەستە.
 - بەکارهێنانی ئەو سابوونانەی کە نەرمن لەسەر پێست هەروەها دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی سابوونی دژە بەکتریا چونکە دەبنە هۆی وشکبوونەوەی پێست، ئەمانەش تا ڕادەیەکی زۆر یارمەتیدەرن بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانی ئەگزیما.